kani- خەون هەندێک جار جۆرە ئارامیێکە بۆ مرۆڤ، بۆ حەسانەوەی لە نائارامی و جەنجاڵیەکان و تێپەڕاندنی ساتێک لە خۆشی، ئەوە ئەگەر بینینی خەونێکی خۆش بێت.یاخود لەلایەکی دیکەوە زۆر جار خەون بە مانایەکی تر هەستی پێدەکرێت، ئەگەر خەونەکە لەکاتی بینینیدا وەکو مۆتەکە دەست بخاتە بینە قاقای مرۆڤەوە، کە دەبێتە هۆی داڕمانی ناخی ئەو کەسەو زیاتر نزیک کەوتنەوەی لە ئازارەکان و بێ ئومێد بوونی لە ژیانیدا.
ئەوەی لە کۆمەڵگاکەمان تێبینی دەکرێت و ئێمە مەبەستمانە باسی لە بارەوە بکەین ئەویش"خەونی خۆشەویستی"یە، کە جۆرێکە لە خەونە جوانەکان.
ئەگەر سەرنج بۆ دوو جۆرە خەونی خۆشەویستی بدەین، ئاکام و دیاردەکانیمان بۆ بەڕوونی و بە بەرچاوی دیار دەکەوێت و تا راددەیەک پێی ئاشنا دەبین و لە ماناکانیان تێدەگەین.
یەکێک لەو دووجۆرە خەونە"خەونی راستەقینەی خۆشەویستی"یە، دەتوانین بڵێین ئەم جۆرە خەونەیە عاشقانی پاک و راستگۆ زۆر جار لە ژێر پەیوەندی پاکی نێوانیاندا دەیبینن و هەوڵ دەدەن لە حزووریدا هەست بە ئاسوودەیی و ئێمناهی بکەن و لەبەر سایەیدا تاوێک بحەسێنەوە و حەزو ئارەزووەکانیان بەدی بێنن، بۆ ئەوەی وەکو ئەستێرەکان لە ئاسمانی بێگەردی خۆشەویستیدا رەنگ بداتەوەو تا هەتایی تروسکەکانی نەکوژێتەوە.
جیهانی خەون وەکو دنیای وشیاری هەمیشە بە پاکی نامێنێتەوەو جاری وا هەیە خەونی گڵاویش دزە دەکاتە ناوی. من من لەبەر ئەوەی ئەو ناوەم واتە(خەونی گڵاو) بۆ ئەمەیان بەکارهێنا، یاخود هەڵبژارد، چونکە بەڕاستی ئێستا بووەتە دیاردەیەکی زۆر باوو بەشێک زۆر لە گەنجانی کۆمەڵگاکەمان پەیڕەوی دەکەن.ئێمە لە گوێگرتنمان بۆ ئەم جۆرە بەسەرهات و خەونانە، حەپەساوو سەرسام دەمێنین، کاتێک ناپاکی لە خۆشەویستیدا بەرگوێمان دەکەوێت.
کاتێک ئەوە دەبیستین مرۆڤی وا هەیە بێ ویژدانانە دەکەونە گیانی خۆشەویستی و بە هەموو ماناکانیەوە ریسوا و گڵاوی دەکەن و هەوڵی لەکەدارکردنی پاکیەکەی دەدەن، بەڕاستی جێی داخە"حەیفە" ئەم مرۆڤانە بۆ هەندێک مەرامی تایبەتی خۆیان، ئەو چەمکەی خۆشەویستی بە کاردەهێنن، ئەوجا چ بەمەرامی(سەروەت و سامان بێت، یانیش بەسەربردنی هەوەسێکی کاتی، یانیش...هتد). من لە وەڵامی ئەو جۆرە مرۆڤانە تەنها دەڵێم: تکایە وەکو چۆن خۆشەویستی پاک و پیرۆزە، ئێوەش هەر بەو شێوە پاک و پیرۆزەیەوە بیپارێزن و بە مەبەستە پیسەکانتان گڵاوی نەکەن.
خەون و ئازارەکانی ئینسانی عاشق لە کۆمەڵگاکەمان، رۆژانە بە بەرچاو و بە گوێبیست بوون دووبارەو بگرە جەند بارەش دەبێتەوە.بە رووخانی کۆشکی ئەو خەونە جوانانەی کە رەنج و ماندوبوونێکی بێ کۆتاییان بۆ داوە، بۆ بەخنەوەری دوا رۆژیان و حەسانەوەیان لەو کۆشکە عاشقانەیان.
چەندە جێی داخ و سەرسامییە کاتێک دەڵێن؛ دوو عاشق لە ژوانێکدا عەشقەکەیان لە بەین چووەو تووشی شۆکی هاتووە، ئەویش بەهۆی نافامیان لە مانای عەشق یانیش هەر هۆکارێکی دیکە(چونکە بەڕاستی لە رۆژگاری ئەمڕی ئێمە هۆکار گەڵێ زۆرن)، کە لە مانای پاک و بێگەردی عەشق نەگەیشتوون.
ئەرێ راستە دەڵێن رێگای خۆشەویستیش وەکو هەر رێگایەکی تر پڕیەتی لە بەرزی و نزمی؟ بێگومان و بە دڵنیاییەوە وایە. ئەوە بهێنە بەرچاو رێگایەکی سەخت و هەڵدێری"ئۆتۆمبیل"چ جۆرە شوفێرێکی گەرەکە بۆ رزگار بوونی و گەیشتنی بە شوێنی مەبەست، بەڵام ئەوەش بزانە دەربازبوونی لەم رێگایەدا بە گیانێکی سەلامەت و سەرکەوتووانە بێت.
هەر مرۆڤێکیش ئەگەر بیەوێت سەرکەوتنێکی پلە باش، لە خەونە رەواکانی خۆشەویستی بەدەست بهێنێت، دەبێت زیرەکانەو هێمنانە ئاستەنگەکانی بەردەم خەونەکانی لاببات...ئارامگربێت لە تەنگژەکانداو هەروەها لە هەوڵی ریشەکێش کردنی کێشەکان سڵ نەکاتەوە.